موسوڵمان: مرۆڤى ڕاستگۆیی و دڵنیایی
پرسیار: لە فەرموودەیەکى پیرۆزدا، موسوڵمان وەک کەسێک وەسف کراوە کە "خەڵکی لە دەم و دەستى ئەمین و دڵنیا بن." چ سپاردە و ئامۆژگاریەکتان هەیە بۆ ئەوەى سەرلەنوێ ئەم وەسفە جوانە بکەینەوە بە کاڵای باڵامان و تەواو لە خۆماندا بیژیێنینەوە؟
وەڵام: هەروەک لە کتێبە باوەڕپێکراوەکانی فەرموودەدا ئاماژەى پێکراوە پێغەمبەرى خوا(صلى الله علیە وسلم) دەفەرمووێت:
(المسلم من سلم المسلمون من لسانه و یده )
واتە: "موسوڵمانى ڕاست ئەو کەسەیە کە موسڵمانانى تر لە دەم و دەستى دڵنیا بن و مرۆڤى دڵنیایى بێت (خەڵکانی تر زیانى لێ نەبینن) (بوخارى-أبو داود). ئیتر سەروەرمان پەسنی موسوڵمان دەکات بەوەی کە کەسانی تر لە دەم و دەستى دڵنیان و توشى هیچ زیانێک نابن بە دەستی ئەو. جا بۆ ئەوەی دەروازەیەک لەسەر ئەو مانا و ناوەڕۆکانە ئاوەڵا بکەین کە ئێوە لە ناو پرسیارەکەدا سەرنجتان دا، ئەوا حەزدەکەم هەڵوێستەیەک لەسەر وشەی (المسلم)ى ناو فەرموودەکە بکەین.
دەربڕینی وشەى "المسلم" بە (لام التعریف) (ئامرازی ناسێنەر) لە فەرموودەکەدا بەمانای ئەوە دێت کە مەبەست لە موسوڵمان، موسوڵمانێکی ڕاستەقینە و نموونەییە. واتە، بەپێی دەستووری ئەوەی کە "ناو هێنانی ڕەها، ڕوو لە کەماڵی ئەو دەکات"، ئەو موسوڵمانەی کە لێرەدا ئاماژەى بۆ کردووە، ئەوە نییە کە بڵێت؛ ئەو کەسەی وەک موسوڵمان ببینرێت، دەبێت بانگەشەى ئەمە بکات؛ بەڵکو ئەو کەسەیە کە لە ناخى دڵیەوە دان بە حەقدا دەنێت و پەسەندی دەکات، خۆى ڕادەستی ئەم ڕاستیانە دەکات و داخوازیەکانى ئەم ئیمان و بڕوابوونە بەجێ دەگەیەنیت، هەروەها ئەمانە دەکاتە ژیانی و پیادەیان دەکات. گەر پێویست بە ڕوونکردنەوەی زیاتر بێت ئەوا دەڵێین، بەپێى زانستی زمانەوانى وشەی (مسلم) "ئیسمی فاعیلی" فرمانی (أسلم)یە کە چاوگی کردارەکەی (سلم) و (سلامة)یە، جا (مسلم) هەروەک بەواتای ئەو کەسە دێت کە "خۆی ڕادەستی حەق و ڕاستی کردووە"، ئاواش بەو کەسە دەوترێت کە" خەڵکان بەرەو سەلامەتی دەبات، بە فێنکیی دڵییان دەگەیەنێت، هەروەها ئاشتی و ئاسایش پێکەوە بنیاد دەنێت" جا بۆیە، کە ناوی "موسوڵمان" دەهێنرێت، وەک چۆن کەسێک دێت بە مێشکماندا کە "خۆی ڕادەستی خوای گەورە کردووە و، بەوپەڕی هەستیارییەوە ئاگادار و پارێزگاری نەهی و فرمانەکانی خوایە و بەم شێوەیەش خۆی دەخزێنێتە ناو کەشی پڕ سەلامەتی خوای گەورەوە"، ئاواش دەبێت ئەوە بێت بە مێشکماندا کە "کەسێکە ژیانی پڕ لە سەلامەتی و دڵنیاییە بۆ ئەو کەسانەش کە لە دەوروبەرین و، هەر خۆی نوێنەری ئاشتی و دڵنیایە و مرۆڤێکی دەستپاک و خاوەن متمانەیە بەرامبەر سپاردەکان.
موسوڵمان و ناوە پیرۆزەکانى "السلام، المٶمن"
یەکێک لە بریسکانەوەکانی ڕەوشتدار بوون بە ڕەوشتی خوایی موسوڵمان بریتییە لە بڵاوکردنەوەی شنەباى شەماڵی دڵنیایى بەدەوروبەردا. چونکە هەر یەک لە السلام و المٶمن، یەکێکن لە ناوە جوانەکانى خوای باڵا دەست. وەک ئاشکرایە لاى جەنابتان کە لە کۆتایى سورەتى "الحشر"دا دەفەرموێ: "هو الله الذى لا إله إلا هو الملک القدوس السلام المٶمن المهیمن العزیز الجبار المتکبر"
"هەر (اللە)یە، خوداى ڕاستەقینە! هیچ پەرستراوێکی تر نییە جگە لەو! ئەو هەرخۆی (الملک ، القدس ، السلام ، المٶمن ، المهیمن ، العزیز ، الجبار ، المتکبر)ە"(سورەتى حشر 23/59)
دەبینین کە ئەم دوو ناوە بە مەبەستی فرمان پێکردن یەک لەدوای یەک ئاماژەیان پێکراوە. ناوى پیرۆزى "السلام" بە واتاى ئەوە دێت کە لە کەموکوڕیەکان بێگەرد و سەلامەتە و، سەلامەتی و تەندروستیش دەبەخشێتە بوونەوەران. ئیمانداریش بەو کەسە دەوترێت کە ئیمان و بڕوا لە خەڵکیدا دروست دەکات و بەڵێنى ئاسایش و دڵنیایى دەدات و، ئەم بەڵێنەش دەهێنێتە جێ. بۆیە ئەگەر خواى گەورە (جل جلالە) بەرامبەر بە بەندەکانى بەڵێنێکى دابێت، ئەوا بێگومان دەبێت متمانە بەو بەڵێنە بکرێت. خۆ لە بنچینەدا ئەو هەستی "رجا(ئومێد)"یەی کەلە ناخى بڕواداراندا هەیە، پشتى بەم ئیمانە بەستووە. جا بۆیە ئەو کەسەى دەیەوێت بە ڕەوشتی خوایى (اخلاق الاهى) خۆى بڕازێنێتەوە و ڕەوشتدار ببێت، بە واتایەکى تر، ئەو کەسەی دەیەوێت ناو و سیفاتەکانی زاتى خواى گەورە لە خۆیدا بدرەوشێنێتەوە و بیانکاتە ئامانجى هیواکانی، ئەوا دەبێت هەمیشە بەڵێندەرى سەلامەتى و ئاسایش بێت بۆ دەوروبەرەکەى و نابێت هیچ کەسێک لە خەم و ترسى ئەوەدا بێت کە زەرەر و زیانێکى لە لایەن ئەوەوە پێبگات؛ دەبێت لە ناخى دڵیەوە و بەڕاستی باوەڕ بە خواى گەورە بهێنێت و بە زمانى حاڵ دڵنیایى ببەخشێتە دەوروبەرەکەى و، شنەباى متمانە بە دەوروبەریدا بڵاوبکاتەوە. بە ڕادەیەک کە خەڵکان بەو پەڕى ئاسودەییەوە بێن و بەنرخترین شتەکانیان ڕادەستی ئەو بکەن، پاشانیش بە بێ هیچ دوودڵی و گومان و بیرلێکردنەوەیەک بڕۆن و بەجێیبهێلن.
هەروەها بوونی ئاکارەکانی ڕاستگۆیى و سپاردە پارێزی لە سیفەتی پێغەمبەرە گەورەکاندا، خۆی بۆخۆی خاوەن گرنگییەکى تایبەتە لەمەڕ بابەتەکە. بەڵێ، هەروەک چۆن ئاکارەکانی وەک ڕاستى و ڕاستگۆیى پێغەمبەرى سەروەرمانی (صلى الله علیە وسلم) گەیاندە پلەى کەماڵات، ئاواش درۆ و دەلەسە موسەیلەمەى کەزابى نزم کردەوە بۆ نزمترین پلە.
خۆ لەڕاستیدا کوفر یەکێکە لە گەورەترین درۆکان کە نکۆڵیکاران بەرامبەر خوای گەورە دەیکەن. لە هەمان کاتیشدا، بەدرۆخستنەوەی هەموو شایەتدەرانی گەردوونە لەسەر خوای گەورە و، قبوڵ نەکردنی ئەم سیستەمە ڕێکوپێک و ئەم پێکەوە سازییەی دروستکراوانە و، خۆ لێگێل کردنیەتی؛ هەروەها ڕەتکردنەوەی یەکانگیربوونی قورئان و گونجاوییەکانی گەردوونیشە. خۆ لەم ڕووەوە ئەو کەسە تاوانێکی وا بێسنووری ئەنجام داوە کە، ئیتر سزای وەها تاوانێکی گەورە دۆزەخە. بەڵام ئیمان کە پێچەوانەی ئەمەیە، مرۆڤەکان هێندە بەرز دەکاتەوە تا دەیانکاتە ئەهل و دانیشتووی بەهەشت. جا هەر ئەم سیفەتە ڕاستگۆییەی دین بوو کە هەموو هاوەڵە بەڕێزەکان و بەتایبەتیش حەزرەتی ئەبوبەکری بەرزکردەوە بۆ پلە باڵاکان.
هاوکات لەگەڵ ڕاستگۆییدا، سیفەتێکی بەرزى تر هەیە کە پێغەمبەرانی پێ سەرفرازکراوە ئەویش بریتیە لە ئەمانەت. خۆ هەریەکە لە ئەوان بەدرێژایى ژیانیان بەوێنەى مرۆڤێکی پڕ دڵنیایى هەڵسوکەوتیان کردووە و هەمیشە هەستى متمانەیان لە کەسانی تردا زیندووکردووەتەوە.
ئەمن و ئەمان بە جۆرێک لەگەڵ مامەڵە و ڕەوشتیەکانی بەمتمانەترین مرۆڤ، پێغەمبەرى خوادا (صلی اللە علیە وسلم) تێکەڵ بووبوو، کە ئەگەر خەڵکی بچوونایە بۆ شوێنێک و پێویستی بکردایە خاووخێزان و کچەکانیان بە کەسێک بسپێرن، یەکەم کەس کە دەهات بە مێشکیاندا بۆ ئەم سپاردەیە ئەو دەبوو. چونکە ئەوان زۆر دڵنیا بوون لەوەی کە حەزرەتی صادیق و مەصدوق هیچ کات سەر هەڵنابڕێت بە نیازی تەماشاکردنیان. لەهەمان کاتدا ئەو نمونەیەکى تەواوی باڵا و تیمسالێکی ئەدەب بوو. بۆیە کاتێک دایکمان حەزرەتى خەدیجە بەشێوەیەکى سەرزارەکی داوای هاوسەرگیرى لێدەکات، سەروەر و خۆشەویستمان حەزرەتی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لەشەرمدا هۆن هۆن ئارەق بەڕووخساریدا دێتە خوار. بەڵێ، هەستى دڵنیایی و متمانەداری لەگەڵ خوێنیدا تێکەڵاو بووبوو. جا لەبەرئەوەی پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) خۆی سەرتاپا لێوان لێو بوو لەم دڵنیاییە، بۆیە متمانەی هەموو کەسی بەدەست هێنابوو.
دڵنیاییەکی باوەڕپێکراو.
لە ڕۆژانی ئەمڕۆماندا دەبێت ئێمەش وەک ئومەتێکی ئەو سەروەرە هەمان حاڵ و بارودۆخ لە خۆماندا بژیێنینەوە. بەتایبەتى ئەو پاڵەوانانەی کە خۆیان نەزری مەفکورەی خۆشەویستکردنى خوا و پێغەمبەرى خوا (صلی اللە علیە وسلم) کردووە لە ناو خەڵکدا، دەبێت هەمیشە شنەباى شەماڵی دڵنیایى بە چواردەوریاندا بڵاو بکەنەوە و ببنە جێی متمانەی خەڵکی. بە ڕادەیەک، کە کەسانى دیکە زۆر بە ئاسانى بتوانن پشتى خۆیانیان پێ ببەستن و سەبارەت بە ئەوان بتوانن بڵێن " ئەگەر ئەو واى وتبێت، ڕاستە. متمانە بە قسەکانی ئەو دەکرێت." جا ئیتر، ئەگەر ئەمڕۆ خەڵکانێک بە شێوازێک لە شێوازەکان ڕووتان تێ بکەن و، شوێنتان بکەون و هاوکاریتان بکەن، ئەوا پێویستە باش بزانرێت کە بناغەی ئەمە ئەم هەستی دڵنیاییەیە.
بەڵێ، پێدەچێت خەڵکی بێ ئەوەى چاودێریتان بکەن و، بتانخەنە ژێر وردبینی لێکۆڵینەوەوە زۆر بە سانایی لەنێو ئەو کارانەی دەیانکەن هێندە تاقیتان بکەنەوە، تا لە کۆتاییدا پێتان دەڵێن "متمانە بەم مرۆڤانە دەکرێت". بۆ نموونە کاتێک ئێوە دەتانەوێت قوربانی بکەن بۆ کەسانێکی ئیحتیاج کە لە ناوخۆی وڵاتدابن یاخود لەدەرەوەی وڵات و باسی دەکەن، کەسانێک دێن و بێ هیچ دوودڵییەک پەنجا سەر یاخود سەد سەر لە قوربانییەکەی خۆیان ڕادەستی ئێوە دەکەن. جا ئیتر تا ئەوپەڕی حەد پێویستە گرنگی بەوە بدرێت کە ئەم دڵنیایی و متمانەیە زیاتر و بەردەوام بکرێت و بەوپەڕی هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەگەر کەسە گیان فیداکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان بتوانن بەردەوامى بەو شنە بای شەماڵی دڵنیاییە بدەن کە تا ئەمڕۆ بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی، ئەوا بەپشتیوانی و هاوکارى خواى گەورە، ئەو کەسانەی کە لەمەودواش بەمان دەگەن و، متمانەیان پێدەکەن و، پەیوەندیان لەگەڵ دروست دەکەن هەست بەوە دەکەن کە بەهەڵەدا نەچوون و بەرەو دواوە ناگەڕێنەوە. بۆیە کۆچبەرانی ئەم مەفکورە باڵایە، سەرەڕاى هەموو ئەو بارودۆخە سەختانە دەبێت مافى ئەو پێگەیە بدەن کە تیایدان و، بەو پەڕى ڕێک و پێکی و بێ جووڵە ڕاوەستن لەو شوێنەی کە تێیدان و، هەمیشە بە پەیوەست بوون بە بنەما سەرەکییەکانەوە ژیان بەسەر بەرن. خواى گەورە (جل جلالە) پارێزەرمان بێت لەوەی کە دنیا هەڵبژێرین بەسەر شتەکاندا
کلا بل تحبون العاجلە و تذرون الاخرە (القیامة، ٧٥/٢٠-٢١)
"ڕاستی ئەوەیە کە: ئێوە زۆر هۆگر و نوقمی ژیانی دنیان. هەربۆیە واز لە ژیانی دواڕۆژ دەهێنن"
استحبوا الحیاة الدنیا على الاخرة (النحل، ١٦/ ١٠٧)
"ئەوان بەدەستی ئەنقەست وازیان لە ژیانی دواڕۆژ هێناوە و ژیانی دنیایان هەڵبژاردووە"
پێویستە مرۆڤ پێش ئەوەی ببێتە شایستەى ئەم زللە خواییانە بەهۆش خۆی بێتەوە. بۆیە بە ئەندازەی فەنابوونی دنیا گرنگی بە دنیا بدات و ئاخیرەتیش بە ئەندازەی هەتا هەتایى بوونەکەی گرنگی بداتێ. خۆ لە بنەڕەتدا کاتێک بە هێندەى نرخ و بەهاى خۆى گرنگیتان بە ئاخیرەت دا، ئەو کاتە نرخ و بەهاى دنیاش بەرزدەبێتەوە. بۆیە، لەبەر ئەوە ئەو کەسانەى کە ژیانیان لەسەر ئەم هاوسەنگییە ڕێک دەخەن، بەشێوەیەک دەبنە کەسێکی دڵسۆز و، وەفایەکی وا پیشاندەدەن و، جووڵە و مامەڵەیان بەشێوەیەک پڕ دەبێت لە متمانە و دڵنیایی، کە هەموو شتێک لای ئەوان نرخ و بەهای خۆی بەدەست دێنێت و بە جوانترین شێوە بەکاردێت. هەروەها هیچ شتێک لە دەستی ئەواندا نرخی خۆی لەدەست نادات. بەم هۆیەشەوە ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی دنیا دێتە کایەوە. بەڵێ، هەرگیز گومانی ئەوەتان نەبێت کە ئەو کەسانەی خۆیان داوەتە ڕۆژی دوایی و ڕەزامەندى خواى گەورەیان مەبەستە و ئەمینن بەرامبەر سپاردەکان، وەک چۆن لە سەردەمانێکدا لە ئەندەلووس ئەو دەوڵەتەیان بۆ ماوەى چوار پێنج سەدە بوژاندەوە و ئاوەدانیان کردەوە، ئاواش بە هەمان شێوە دەتوانن دنیای ئەمڕۆمان سەر لەنوێ دابڕێژنەوە و ئاوەدانی بکەنەوە.
بەم پێیە ئەگەر کەسێک خۆى دابێتە دەست خزمەتگوزارى قورئان، دەبێت هەمیشە خۆی بەدوور بگرێت لەوەی شێوە ژیانێکی ڕەفاهی و، ژیانێکى سادە و ساکار هەڵبژێرێت و، خانوو و ماڵەکەشى بەم پێیە بێت، تەنانەت لە کاتێکدا ماڵئاوایی لە دنیا کرد دەبێت هاوڕێیانی بۆ دەستکەوتنى پارەى کفنەکەى بە ڕاست و چەپدا هەوڵ و تەقەلایان بێت. چونکە ئەو کەسەى کە خۆى بۆ خزمەتگوزارى قورئان تەرخان کردووە نابێتە دیل و بەندەی سەروەت و سامان و، دنیا و مەقام و خۆش ژیان. خۆ لەبەر ئەوەی ئەو بەتەواوی خۆی داوەتە خزمەتی قورئان و تەنها و تەنها بەندایەتیش بۆ خوای گەورە دەکات (جل جلالە)، بۆیە هیچ شتێکی تر ناتوانێت لغاوی بکات و کۆت و زنجیر لە بکاتە قاچی. خۆ دیارە کەسانێک هەن و دەشبێت بوونیان هەبێت، کە ئیشیان بازرگانییە و لە بازنەیەکى حەڵاڵدا خەریکى کار و کاسپین و بەم هۆیەوە و لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت خزمەتگوزاری قورئان بەجێ بگەیەنن. جا ئەمە مەسەلەیەکە و ئەوەش مەسەلەیەکى ترە کە ئەو کەسانەی تەنها و تەنها خەریکی خزمەتگوزاریی قورئانن دەبێت تابڵێی هەستیارییەکی زیاتر بنوێنن لەم بابەتەدا.
کاریگەری هەڵوێستە کردار لە بواری بەڕێوەبردندا
خەڵکانی گیانفیدا، دەبێت هەردەم متمانە بەخش بن بەرامبەر ئەو کەسانەش کە هاوڕێیانن لەو خزمەتە قورئانییەی دەیکەن. هەروەها دەبێت هەردەم دووربن لەو مامەڵە و هەڵس و کەوتانەی کە هاوڕێیانیان بەرەو بێ متمانەیی ڕادەکێشێت. دەبێت بە ئاگابن بەرامبەر کۆمەڵە کارێکی ناڕوون و شاراوە کە گومان لای هاوڕێیانیان دروست بکات و بەرەو بیری خراپ پەلکێشیان بکات و دەبێت هەردەم بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا هەڵسوکەوت بکەن و کارەکانیان ئەنجام بدەن. دەبێت لەم مەسەلەیەدا ئەوەندە بە هەستیاری و بە دیقەتەوە هەڵسوکەوت بکرێت، کە هیچ کەسێک لەو دەوروبەرە کۆمەڵە گومانێکى نەرێنی واى لا دروست نەبێت کە لە هەندێک شت بێ بەش کراوە یاخود مەیدانى کار و هەڵسوکەوت کردنی تەسک کراوەتەوە.
بۆیە بەرامبەر ئەو کەسانەى کە لەسەریەک ڕێچکەین هەردەم دەبێت قسەکانمان ڕوون و ئاشکرا بێت و هەموو مەسەلەیەکیش بە پرس و ڕا بڕیارى لەسەر بدەین و، نابێت وەکو دادوەرێک مامەڵە و هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکەین و، دەبێت هەردەم حساب بۆ بیرو بۆچونی کەسانى دەوروبەر بکەین و هاوبەشییان پێ بکەین. بەهەمان شێوە دەبێت سەرنجی ئەوە بدرێت کە ئەو کارانەی پێیان دەسپێردرێت دەبێت لە توانا و لیاقەى ئەوان بەدەر نەبێت و کات و بواری کاریش بەم پێیە ڕێک بخرێت. جا لەم مەسەلەیەشدا وا پێویستە کە کەسانی دەوروبەرمان متمانەیەکی وا بەدەست بهێنن کە، لە کاتێکدا ئەرکێکیان پێ دەسپێردرێت لە شوێنێکدا، دەبێت هەردەم دڵنیا بن لەوەی کە کەسانى سەروو خۆیان بە نیەت پاکەوە مامەڵەیان کردوون و لە بەرژەوەندی و پێویستی ئەمان جووڵاونەتەوە. لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەوەى ئەم کەسانە بە گوڕوتین و هۆگری و لە دڵەوە ئەو کارانە بکەن کە پێیان سپێردرراوە ئەوا پێویستە یارمەتی بدرێن تا دەکەونە سەر پێی خۆیان. بەکورتى، لەکاتی دابەشکردنی ئیش و ڕێکخستنى وەختی دەوام و پێدانى ئەرکدا دەبێت ئەوەندە بەشێوەیەکى ڕوون و هەستیار مامەڵە بکرێت کە هیچ کەسێک گومانێکی وای بۆ دروست نەبێت و بڵیت "کەس متمانەم پێ ناکات؛ وەکو کەسێکى متمانەدار نابینرێم" کە ببێتە هۆى دروست بوونى هەستى نادڵنیایی لە کەسەکاندا.
جا کاتێک حەزرەتى عومەر ئەرک و فەرمانی لە خالیدى کوڕى وەلید وەرگرتەوە و، کاتێکیش حەزرەتى عوسمان ئەبو زەرى نارد بۆ بیابانی ڕەبەزە، ئەوان بەبێ ئەوەى هیچ بەرهەڵستیەکی ئەو بڕیارە بکەن کە لەبارەیانەوە دراوە، یەکسەر گوێڕایەڵى ئەو فرمانەیان کردووە، جا خۆی لە خۆیدا ئەمەش زادەی ئەو هەستی متمانەیە بووە کە هەیان بووە. ئەگەر ئێوە تا ئەو ڕۆژەی کە کارێک بە کەسێک دەسپێرن توانیبێتتان بە زمانی حاڵتان دڵنیاییان پێ ببەخشن و عیصمەت و عیففەتی هزری و هەستی و، ژیری و لۆژیکی خۆتان بەرامبەریان پاراستبێت ئەوا ئەو کات دەبینن کە ئەو بڕیارانەی کە دەریدەکەن لەلایەن دوێنراوەوە زۆر بە سانایی و بە شێوازێکی پڕ لە ڕەزامەندی وەردەگیرێت. جا کاتێک بە هۆی کارێکەوە بۆ شوێنێکیش بنێردرێن، ئەوا بێ هیچ دوودڵیەک و دەستبەجێ دەکەونە ڕێ. بۆ نمونە گەر پێیان بڵێن "لەوێوە بڕۆن بۆ ئەوێ "، ئەوا ئەوان وا بیر دەکەنەوە و دەڵێن "ئەو کەسانەى منیان ناردووە بۆ ئەوێ بیریان لە باشترین شت کردووەتەوە بۆ من"، و چاو دادەخەن لە بەرامبەر هەموو ئەو ناڕەحەتییانەی کە تووشی دەبن لەو شوێنەدا. خۆ تەنانەت ئەگەر پێیان بوترێت "تۆ بۆ ماوەیەکی کاتی لە شوێنێکی وەک ئەو حوجرەیەدا بمێنەرەوە" ئەوا ئەوان بەرامبەر بە کارێکی ئاوا، وا بیردەکەنەوە کە کۆمەڵێک بەرژەوەندی خراوەتە بەرچاو بۆیە وتراوە و ئەوەی پێویست بێت دەیکەن. واتە ئێوە تا چەندێک بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێکی ڕاستگۆ و باوەڕپێکراوبن، بە ئەندازەى ئەوە کەسانى دەوروبەرتان داواکاری و خواستەکانی ئێوە بەجێدەگەیەنن. بۆیە گرنگترین ڕێگە و شێواز بۆ کردنەوەى دەرگاى دڵی خەڵکان ئەوەیە کە ڕاستگۆییتان بسەلمێنن و، دڵنیایی و متمانە بەخش بن. جا لەم بابەتەدا پێویستە خەڵکانی دەوروبەرتان بەشێوەیەک باوەڕتان پێ بکەن و پشتتان پێ ببەستن کە زۆر بە سانایی بڵێن "لە خزمەتى ئیمان و قورئاندا لە هەر کوێ و هەر چۆنێک ئەرکێکمان پێ بسپێردرێت بێگومان ویستی خوایی بەو ئاڕاستەیەیە. بێ هیچ دوودڵییەک ئەمەش بەو نوێنەرایەتیکردن و نواندنە هەستیارییە دەبێت کە ئەو کەسانەى لە ئاستى بەرپرسیارێتى و بەڕێوەبردندان بە هەموو توانایەکیانەوە لە هەوڵ و تەقەلاى پیشاندانى دان.
- Created on .